ڕوانینێك بۆ پرسی نیشتمان و پێشمەرگە

بەشى زمانى کوردى کۆلێجى پەروەردە، بە هاوبەشى لەگەڵ لیواى (١٧)ى پیادەى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگەى کوردستان، وۆرکشۆپێکى ناوخۆیی هاوبەشیان لە ڕێکەوتى (٢٧/١/٢٠٢٢) لە ڕۆژى پێنجشەممە، لە ژێر ناونیشانى (ڕوانینێک بۆ پرسى نیشتمان و پێشمەرگە) لە هۆڵى سیمنارى کۆلێجى پەروەردە (سەڵاح کوێخا) ئەنجامدا. لەو وۆرکشۆپەدا سێ سیمنارى زانستى و سەربازى پێشکەش بە ئامادەبووان کران، کە ئامادەبووان لە مامۆستایان و خویندکاران و پلەدارانى سەر بە لیواى (١٧)ى پیادە و هەندیک لە پێشمەرگەکانى سەر بە ئەو لیوایە پێک هاتبوون.

ئامانج و گرنگى وۆرکشۆپەکە، لە پاڵ خزمەتکردن بە پرسی نیشتمان و پێشمەرگە، وەکو دوو سیمبولى بیرى نەتەوەیی، هاوکات هاندانى هەردوو لایەنى مەدەنى و سەربازى بوو، بۆ ئەوەى لە داهاتوودا بتوانن کارى پێکەوەیی بکەن، هەتا لەو ڕێگەیەوە ئاشتەوایی و هۆشیارى زیاتر لە نێوان هەردوو لایەندا دروست ببێت. ئەوە جگە لەوەى وەک بنەمایەکى گرنگى بەشەکەمان کار بۆ سەرلەنوێ خوێندنەوە و بنیاتنانەوەى ڕۆشنبیرى و هۆشیارییەکى نوێ لەلاى تاکەکانى کۆمەڵگە بەگشتى و، مامۆستایان و خوێندکارانى بەشەکەمان و زانکۆمان بە تایبەتى، دەکەین، لەو ڕوانگەیەوە ئەم چالاکییەش بۆ دروستکردنى هۆشیارییەکى نوێ بوو لەلاى ئامادەبووان.